#وڵات_میدیا #کوردستان
لەیلا عومەر عەلی سەرۆكی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی ئاگادار كرانەوە بۆ دانەوەی قەرزەكانیان، بەنزینخانەكانی سلێمانی بڕی 80 ملیۆن دینار قەرزیان داوەتەوە و بۆ پرۆژە خزمەتگوزاریەكان بەكاردەهێنرێت.
لەیلا عومەر بە میدیای یەكێتی وتووە، تەنها بودجە كە هەمانبێت بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی شاری سلێمانی، داهاتی 15%ی شارەوانیی سلێمانییە، كە لەو ژمارەیەش تەنها 8%ی بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكانە، ئەوی دیكەی بۆ هاندانی كارمەندان خەرجدەكرێت.
باسی لەوەش كردووە، بەو بودجە كەمەی كە هەمانە، ئەم هاوینە سێ بەشی پلانەكانی ئەمساڵمان جێبەجێكردووە، بە پرۆژەی كۆنكرێت و قیركردن و سەوزكردنی شاریشەوە.
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی جەختی لەوەش كردووەتەوە، لەماوەی رابردوودا چانسێكیاندا بە خاوەن بەنزینخانەكان بۆ دانەوەی قەرزەكانیان، ئەوە بوو هەندێكیان پابەندبوون و هەندێكی دیكەیان پابەندنەبوون، بۆیە ئاگاداركردنەوەیەكی دیكەیان بۆ دەركردن بەوەی ئەوەی پابەند نەبێت بەنزینخانەكەی دادەخرێت، لە دوای ئەو ئاگادارییەوە توانییان بڕی 800 ملیۆن دینار كۆبكەینەوە، لەو پارەیەش بەشێكی بەكاردێتەوە بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكان.