دەستەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لە دامەزراوە ئابوورییە زۆربچووك، بچووك و مامناوەندكاندا رێژەی دەرچوانی زانكۆ زۆر كەمە و 66% دامەزراندن لە رێگەی پەیوەندییە كەسییەكانەوە بووە.
دەستەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم بە هاوكاری بەرنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان، روپێوێكیان لەبارەی دامەزراوە ئابوورییە زۆربچووك، بچووك و مامناوەندكان لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە ئەنجامداوە و ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجامەكە ئاشكراكرا، بەپێی روپێوەكە زۆربەی دامەزراوەكان لە سێ كەرتدا چڕكراونەتەوە، بازرگانی تاك و كۆ 32% گواستنەوە و كۆگا 16% و راوەماسی 15%.
لە روپێویەكەدا دیارترین ئاڵنگارییەكانی ئەو دامەزراوانە دیاری كراون كە بریتییە لە، رێژەی دەرچووانی زانكۆ زۆر كەمبووە بە جۆرێك بە كەمتر لە 10% هەژماركراوە و 66% دامەزراندن، لە رێگەی ناسیاوی و پەیوەندییە كەسییەكانەوە بووە، كارمەندانی كارگێڕی بە رێژەی 26% و كارمەندانی سەرچاوە مرۆییەكان و ئایتی كەمترین رێژەیان هەیە، رێژەی هێزی كاری كەملێهاتوو بە 42% مەزندە دەكرێت، هەروەها 61%ی دامەزراوەكان كێشەیان لە دامەزراندنی كارەكانیان هەبووە.











