دیدار؛ كاشما فاروق
بەرپرسی پێوەندیە گشتیەكان و ڕاگەیاندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی، بە وڵات_میدیا، ڕایگەیاند: لەهەماهەنگیداین تاوەكو هاوكاریە مرۆیەكانمان بگەینە لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەی ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا، هەروەكو چۆن هاوكاری باكووری كوردستان و تووركیا بووین.
بەرپرسی پێوەندیە گشتیەكان و ڕاگەیاندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی لەبارەی هاوكاریەكانیان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەی باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان ڕایگەیاند: هاوكاریەكانی ئێمە سنوورەكان نازانێت و وەك چۆن یارمەتی باكووری كوردستانمان كردووە، لەئێستادا لە هەوڵداین تاوەكو هاوكاریەكانیشمان بگەینە ڕۆژئاوا، بەڵام تاوەكو ئەمڕۆ دەرفەت نەرەخسابوو بۆ ئەوە و ئەمڕۆ لیژنەمان پێك هێناوە و هەوڵ دەدەین بەزوترین
كات فریایان بكەوەین.
سۆران خەڵەف، دەشڵێت: سەرەتا هاوكاریەكانمان بۆ توركیا بریتی بوون لە بابەتی تەندروستی كە بەهاوكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان و بەتیمێكی ٥٠ كەسی چوین بەدەم بریندارەكانەوە، لەقۆناغی ئێستاشماندا و ئەمڕۆ توانیمان خۆراكیان پێشكەش بكەین و وە تیمەكانمان لەوماوەیدا لە توركیا دەمێننەوە و كەمپێكیش دروست دەكرێت و خواردنی تێدا ئامادەدەكرێت و پێشكەش بە لێقەوماوان دەكرێت، ئەمەشی كارمەندانی ئێمە دەیكات لەئەنجامی ڕۆحیەتی بەهێزی خۆیان و لەژێر دروشمی بارزانی كە دەڵێت; پێویستە مرۆڤ خزمەتی میللەتی خۆی بێت.
ئەندامی دەستەی كارگێری دەزگای خێرخوازی بارزانی، كارزان نووری، لەبارەی بەردەوامی هاوكاریەكانیان، بە وڵات_میدیا، ڕایگەیاند: بەهەماهەنگی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەسەر داوای كونسوڵی توركیا لە كوردستان هاوكاری لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەی باكوور كوردستانمان كردووە و ئەوانەشی لەپشتمان بوون بۆ ئەم كارە بەشێكی سەرمایەدار و بازرگان و كۆمپانیاكان بوون و بەشێكیشی ڕێكخراوەكان، تاوەكو دۆخەكە ئاسای دەبێتەوە ئێمە بەردەوام دەبین.
كارزان نووری وتیشی: سەرباری هاوكاریە تەندروستیەكانمان دوێنێ ٥ هەزار بەتانیمان ناردووە و ئەمڕۆش خواردنمان ناردووە، كە ئەمەش بەسەر ناوچە جیاوازەكان دابەش دەكەین كە توركیا بۆمان دیاری دەكات.