پارتیی کۆسپ و تەگەرەی بزوتنەوەی رزگارییخوازی کوردستانە

پارتیی کۆسپ و تەگەرەی بزوتنەوەی رزگارییخوازی کوردستانە

ئاسۆ جەھەر

پارتیی دیموکراتیی کوردستان عێراق، هەر لە سەرەتای دامەزراندییەوە، پێوەندییەکانی جێگەی گومان و ناکۆکیی حیزب و کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستان بووە، هەتا هاتووە ئەم پێوەندییانە کاریگەریی مەترسییداریان لەسەر پرسی کورد   و هەر چوار پارچەی کوردستان داناوە.

شارەزایانی فیکری سیاسیی کورد، رایدەگەیەن کە پارتیی لە پێناوی مانەوەی و بەرژەوەدنییەکانی خۆی و بنەماڵەییدا، ئامادەن هەموو پێوەندییەکان دژ بە پارت و لایەنە کوردییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان تەفروتونا بکەن، ئەمەش بەس بۆ ئەوەی خۆیان لە کایەی سیاسییدا بمێننەوە.

لە کتێبی “دادگای مێژوو”دا، ئیبراهیم ئەحمەد، ئاماژە بەوە ئەکات کە لە سەرەتای دامەزراندی کۆماری مهاباد ساڵی ١٩٤٦ لە رۆژەهەڵاتی کوردستان و چوونی مستەفا بارزانیی بۆ کۆمار جێگەی گومان بووە کە لە قازانجی پرسی کورد کاری نەکردوە و هەتا وەک جەنڕاڵێکی بێبەرگریی جێهێشتنی قازیی محەمەد  و کۆماریش گومانەکان زیاتر ئەکات. لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، پارتی رۆڵێکی ترسناکی بینوە و کەوتووەتە تیرۆرکردنی سەرکردەکانی ئەو بەشەی کوردستان، لە ساڵی شەشتەکانی سەدەی ٢٠دا دەیان کادیر و پێشمەرگەی رۆژهەڵات بەدەستی پارتی کوژراون یان تەسلیمی ئێران کراونەتەوە، لە ئایاری ١٩٦٨دا بە فەرمانی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق و خودی مەلا موستەفا بارزانی  “سلێمان موعینیی و خەلیل شەوباش” سەرکردەی دیار و بەکاریگەر شەهید کران و تەرمەکەشان ڕادەستی ئێران کرایەوە. مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئێستای پارتی، لە لاپەڕەی ٣٦٢ی پەڕتووکی “البارزانی و الحرکة التحرریة الکوردیة”دا ڕەوایەتی بەو تاوانەی بنەماڵەکەی دەدات. لە ساڵی ١٩٧٩ دا کاتێک خومەینی رابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بانگەوازیی جیهادی دژی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دا، چەکدارەکانی پارتی لە ناوچەی مەریوان شان بەشانی پاسدارانی ئێران، هێرشیان کردەسەر پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، هەتا ساڵی هەشتاکانی سەدەی رابردوو شەڕ و هێرشکردنەکانی پارتیی بۆ سەر حیزبی دیموکرات و شۆڕشگێڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوو کە تیایدا سەدان پێشمەرگە و کەسایەتی سیاسیی ئەو رۆژهەڵات بە دەستی پێشمەرگەکانی پارتی کورژران.

کاتێک مستەفا بارزانی سەرکی پارتی ساڵی ١٩٥٨ لە رووسیا دەگەڕێتەوە بۆ باشووری کوردستان، هەمیشە ناکۆکیی و کێشەی بۆ باڵی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی دروست کردوە، لە کاتی گفتوگۆی باڵی مەکتەبی سیاسیی بە سەرپەرشتیی ئیبراهیم ئەحمەد لە گەڵ حکومەتی ئەو کاتی عێراق و بەتایبەت لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسم، پارتیی بە تایبەت مستەفا بارزانیی ئاستەنگیی و کێشەی بۆ ئەو دانوساندنانە دروست ئەکرد کە بە قازانجی مافەکانی پرسی کورد ئەشکانەوە، تەنانەتە زۆر بە سەرسەختی داژایەتی ئیبراهیم ئەحمەدی ئەکرد و رێککەوتنەکانی بە کوشتنی هاوڵاتییان و هێرشکردنە سەر سوپای عێراق تێکئەدا. لە کارەساتی هەکاریی-دا ساڵی ١٩٧٨حکومەتی عێراق، کاتێک هێرشی کردبووە سەر هێزەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هاوکات   لە ناوچەی بازێ لە باکوری کوردستان، هێزەکانی پارتی کە بە قیادەموەقەتە ناسرابوون، هێرش دەکەنە سەر پێشمەرگەکانی یەکێتیی و ژمارەیەکی زۆریان لێدەکوژن ژمارەیەکش بەدیل دەگرن. هەریەکە لە عەلی عەسکەری، فەرماندەی هێزەکە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی، تایەری عەلی والی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و عەسکەریی ئەو حیزبە، سەید کاکە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەدیلگیرابوون، کە دواتر لە ٧ی تەمموزی هەمان ساڵدا، هەریەکە لە عەلی عەسکەریی، خالید سەعید و حسێن بابەشێخ لەلایەن سەرکردایەتیی پارتییەوە بە چەکی ئاڕ پی جی شەهیدکران. ئەم پێوەندییە ناسازە دژ بە یەکێتیی لەلایەن پارتیەوە هەتا ساڵانی هەشتاکان بەرەدەوام بوو، هەتا مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتی، ساڵی ١٩٩٦ نامەیەک ئاڕاستەى سەدام حسیێن سەرۆکی عێراق ئەکات،و تێیدا داواى یارمەتى لێدەکات دژى هێزەکانى یەکێتیی و گرتنەوەی شاری هەولێر. سەدام حسێن داواکەى بارزانى قبوڵکرد و ڕۆژى ٣١ ئاب ١٩٩٦ هێرش بۆ سەر شارى هەولێر بە بەشداری هێزەکانی عێراق دەستیپێکرد و پاش گەمارۆدانی شارەکە لە ماوەى چەند کاتژمێرێکدا هەولێر داگیرکرا.

چیرۆکی پێوەندییەکانی پارتیی هەتا دێت سەخت و مەترسییدار ئەبن، لە ساڵی ١٩٧١ پارتی دیموکراتی کوردستانی-باکوور  دوباڵی چەپ و ڕاست بوون. باڵی چەپی د. شڤان و باڵی ڕاستیش لەلایەن سەعید ئاڵچی ڕێبەرایەتی دەکران. بنکەی هەردوکیان لە کوردستانی باشوور بوو. پارتی دیموراتی کوردستانی عێراق پیلانی میتی تورکیای بۆ لە ناوبردنی شۆڕشی باکوری کوردستان بە شێوەیەکی ترسناک جێبەجێکرد و هەردوو سەکردەکەی بە پیلانێک تیرۆر کرد؛ هیوا خۆشناو نووسەر لە ڤیدیۆیەکیدا دەڵێت: لەو کاتە بەدوا بزوتنەوەی کورد لە تورکیا زەبرێکی زۆر کوشندە دەخوات و هەتاوەکو دروستونی پارتی کرێکارانی کوردستان ناتوانێت پشتی خۆی راستبکاتەوە. لەگەڵ دروستبوونەوەی شۆڕدا پارتی جارێکی تر ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا بۆ ئەوەی پەکەکە بخرێتە لیستی تیرۆرەوە و پڕوپاگەندە و تۆمەتی ناڕاستی دروستکرد و خودی مەسعود بارزانی یەکێک دەبێت لەو سەرکردانەی، کە لە ١٧ی ٩ی ١٩٩٨ لە ڕێککەوتننامەی واشنتۆن، واژۆ دەکات لەسەر ئەوەی پەکەکە بخرێتە لیستی تیرۆرەوە، هەروەها لە ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی رابردووە هەتا ئێستا پارتی لە شەڕو ناکۆکییدا بووە لەگەڵ پەکەکە و سەرکردەکانی پەکەکە پارتی بەوە تاوانبارا ئەکەن کە هاوکاریی سوپای تورکیا ئەکات بۆ هێرشکردنە سەر گەریلاکانی پەکەکە.

ناکۆکییەکانی پارتیی دژ بە رۆژئاوای کوردستانیش بەردەوامیی هەیە، سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان ساڵی ٢٠١١،  پارتیی دیموکراتی کوردستان ویستی کۆنترۆڵی ئەو بەشەی کوردستان بکات و هەژموونی عەسکەریی خۆی بسەپینێت، بەڵام خەباتی ساڵانی پێش شۆڕشی رۆژئاوا کە پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) دەستیپێکرد بوو ئەو خەونەی پارتی پوچەڵکردەوە خۆبەڕێوبەریی خۆیان بونیاد نا و توانیان بە تێکۆشان دژی گەورەترین رێکخراوی تیرۆستی جیهانیی (داعش) سەرنجی جیهان بە ئازایەتیی ژنان و گەنجان بۆ لای خۆیان رابکێشتن، ئیتر پارتیی ئیرەی سیاسیی بەمە بردو ویستی هێزێکی چەکدار و ئیدارەیەکی جیاوازتر لە سەر خاکی رۆژئاوا دروست بکات، هەر بەمەش نەوەستا بۆ دژایەتیی کردنی پەیەدە و ئەزمونەکەی ئابڵوقەی خستە سەر رۆژئاوای کوردستان و خەندەقی لە سەر سنوورەکانی رۆژئاوای کوردستان دروستکرد و کەوتە دەستگیرکردن و زیندانیی کردنی ئەو کەسایەتیی و سیاسییانەی رۆژئاوای کوردستان کە سەردانی باشووری کوردستان ئەکەن.

هەموو ئەوانە ئەو راستییە دەرئەخەن، پارتیی دیموکراتیی کوردستانی عێراق، لە سەرەتای دروستبوونییەوە هەتا ئێستا پێوەندییەکی دروستی نەبووە و ئەگەر هەشی بووبێت ئەجێندای پیلانی گێڕیی وڵاتان بووە دژ بە بزونەوەی ئازادیی کورد، هەمیشە ئاستەنگی و کێشەی نەک بۆ حیزبەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دروستکردوە بەڵکو سەرەتانێکی سیاسییە لە جەستەی کوردستاندا.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو