دیدار؛کاشما فاروق
“ئەحمەد عەبدولحسین” سەرنوسەری ڕۆژنامەی “سەباح”ی عێراقى کە ئەمڕۆ ڕاپۆرتێکى لەبارەى هەڵوەشانەوەى دۆخى هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە لە چاوپێکەوتنێکى تایبەت بە_وڵات ڕوونکردنەوە دەدات لەبارەى ئەو پرسەوە و دەڵێت:”ئەوانەى دژى ڕاپۆرتەکەن تەنها مانشێتەکەیان دیووە و نازانن ناوەڕۆکەکەى چیە”.
وڵات/ ئەم راپرسیە چۆن کرا و چۆن توانیتان پشت بەم راپرسیە ببەستن و بڵاویکەنەوە؟
ئەحمەد عەبدولحسین/ سەبارەت بە ڕاپرسیەکە، ئێمە وەکو ڕۆژنامەى سەباح نەمانکردووە بەڵکو ئەو ڕاپرسیە خۆى بوونى هەبووە و لەلایەن دامەزراوەیەکى لێکۆڵینەوەى ستراتیژى کراوە و ئێمەش بەدواداچوونمان بۆ کردووە، دواتر بڵاومانکردووە و هاوکات ڕاى پێچەوانەکەشمان بڵاوکردووەتەوە، ئەوانەى توڕەن لەبڵاوکردنەوەى ڕاپرسیەکە، هەموو ڕاپۆرتەکەیان نەخوێندووەتەوە بەڵکو تەنها مانشێتەکەیان بینووە.
وڵات/ ئامانجتان چی بوو لە بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە؟
ئەحمەد عەبدولحسین/ هیچ مەبەستێکمان لەبڵاوکردنەوە ئەو بابەتە نییە، تەنها وەکو کارى ڕاگەیاندن کارمان لەسەر کردووە و ئەوەش ناوەڕۆکى کارى ڕۆژنامەگەرییە کە چاودێرى دۆسیەکان بکات تەنانەت دۆسیە گوماناوییەکان و ئەوانەى زۆر هەستیارن، بەمەرجێک بەشێوەیەکى پیشەیى کارى لەسەر بکرێت، وە پێم وایە: ئەو ڕاپۆرتەى کراوە لایەنى پیشەیى بوونى تێدا پارێزراوە.
وڵات/ حکومەتی هەرێم وەڵامی بابەتەکەی ئێوەی داوەتەوە و دەڵێت وانییە و خەڵکی کوردستان عیراقی ناوێت، ئێوە دەڵێن چی؟
ئەحمەد عەبدولحسین/ سەبارەت بەوەى کە برادەرانى هەرێم توڕەن لەڕاپۆرتەکە، بڕوام وایە: ڕاپۆرتەکەیان نەخوێندووەتەوە تەنها مانشێتەکەیان بینیووە، لەو بڕوایەدام ڕاپۆرتەکە بخوێنیتەوە تێدەگەیت ڕا و ڕاى جیاوازى تێدایە.
وڵات/ بەم راپۆرتە بەچی گەیشتن؟
ئەحمەد عەبدولحسین/ ئەوەى کورد دەیەوێت ئەوە خۆیان بڕیارى لەسەر دەدەن، نە ڕۆژنامەى سەباح و نەهیچ ڕۆژنامەیەکى دیکە ناتوانێت بڕیارى لەسەر بدات، ئێمە تەرف نین لەم پرسەدا، تەنها ئەوەمان گواستووەتەوە کە لە گۆڕەپانەکەدا هەیە بەبێ زیاد و کەم، هەمان ڕاپۆرت لە ڕۆژنامەى “عرب”،یش ڕۆشتووە، بەڵام برایانی سیاسى لەعێراق و کوردستان بەیەک چاو تەماشاى ئەو ڕاپۆرتانە ناکەن لەڕۆژنامە عێراقیەکان دەڕوات وەکو دەرەوەى عێراق.
وڵات/ بە بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە دەتانەوێت چی بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بڵێن؟
ئەحمەد عەبدولحسین/ کوردستان بەشێکى زۆر خۆشەویست و ئازیزە لە عێراق، وە ئێمە چاودێرى ڕووداوەکانى دیارەکان لەئاستى سیاسى و خەڵک دەکەین، پەیامى من بۆ هاوڵاتیانى خۆشەویستى کوردستان ئەوەیە: چۆن بایەخ بەهەموو پرسەکانى دیکە دەدەین ئاواش بایەخ بەپرسى کوردى دەدەین، وە بە دڵنیایەوە ئەوەى هاوڵاتى کورد بەلایەوە گرنگە پابەندین بە ڕووماڵکردنى.