بههار مەحمود، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی رووداوی سووتانەوە بە سۆپا، بڕیاریدا ببێتە باڵاپۆش و روونکردنەوەیەکیشی بڵاوکردووەتەوە:
ساڵێک پێش ئێستا لە بەرواری 10/3/2022 تووشی ڕوداوێکی سووتان بووم بەهۆی گڕگرتنی زۆپای ماڵەوە.
هەرچەندە ڕوبەری سوتاویەکەم تەنها 20٪ بوو بەڵام بەشی هەرەزۆری پلە سێ بوو ، لەو کاتەوە تا ئێستاش من چارەسەر وەردەگرم لە هەریەکە لە نەخۆشخانەکانی ئیمێرجێنسی سلێمانی و شاری پزیشکی فاروق و نەخۆشخانەی سانا لە شاری فرانکفۆرت لە ئەڵمانیا.
دوای گەڕانەوەشم لە ئەڵمانیا بەردەوامم لە وەرگرتنی چارەسەری ڕێککاری و تەواوکاری لەلای هەریەک لە کلینیکی د. محمد محمود و د. فەرمان فەریق لەشاری پزیشکی فاروق وە کلینیکی هەریەک لە د. محمد یوسف و د. شاخەوان محمد.
نامەوێت لێرەدا باسی ڕۆژانەی بەسەربردنی ئەو ساڵە قورسە بکەم، ئەوە بۆخۆمم ئەرشیف کردووە و هەڵمگرتوە، بەڵام هیوادارم لە ناوونیشانی ئەم پۆستەم تێبگەن کە چ ساڵێکی قورس و پڕ ئازارم بەسەر بردووە لە ڕووی جەستەیی و دەروونیەوە. ئازاری سووتان قورسترین جۆرەکانی ئازارە هەر بۆیە پەروەردگار بەسوتان سزای سەرپێچیکاران دەدات.
دەتوانم بڵێم ئەم ڕووداوە ژیانمی کردووە بە دوو قۆناغ، قۆناغی پێش سووتان و قۆناغی دوای سووتان.
لێرەدا دەمەوێت تەنها ئاماژە بۆ چەند خاڵێکی پێویست بکەم:
خاڵی یەکەم / سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ خوای گەورە کە سەبرو بەرگەگرتن و شیفای پێ بەخشیم، وە هەروەها سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ هەریەکە لە:
1- خێزانە خۆشەویستەکەم هەریەک لە هاوسەری ئازیزم ، خوشک و براکانم ، برازاو خوشکەزاکانم ، هاوسەری براکانم و هاوسەری خوشکەکانم ، وە خوشک و براکانی هاوسەرم ، کە زۆر پێمەوە هیلاک بوون وە نەیانهێشت هەست بە تەنهایی بکەم وە بەجۆرێک لەگەڵم بوون کە ناتوانم وەسفی بکەم داواکارم لە خوای گەورە فرسەتم بداتێ لە خۆشیەکانیاندا چاکەیان بدەمەوە.
2- هەردوو هاوڕێ و برای بەڕێزم د. محمد محمود قادر وە د. فەرمان فەریق لە نەخۆشخانەی فاروق، ئەوان هەردووکیان دکتۆرم بوون بە تامی برا لە وانەوە ئاشنا بووم بە لایەنە مرۆڤایەتیەکەی پیشەی پزیشکی وە ئەوان توانیان وام لێبکەن هەموو پزیشکێکم خۆش بوێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بە هاوکاری د. هادی و د. دیلمان و ستافی تایبەتمەند لە نەخۆشخانەی فاروق لەمردنی حەتمی رزگاریان کردم دوای ئەوەی تووشی ڤایرۆسی خوێن بووم
ولەئەنجامدا سست بوونی گورچیلەو جەڵدەی سی لێکەوتەوە، تا ئێستاش لای ئەوان عیلاجی ڕێککاری وەردەگرم، خودی خۆیان بە مرۆڤ دۆستی و میهرەبانیان بەشێکی گەورەن لە عیلاجەکەم.
3- هەریەکە لە نەخۆشخانەی فاروق و ئیمێرجێنسی (سووتاوی) سلێمانی و نەخۆشخانەی سانا لە ئەڵمانیاو کلینیکی د.محمد یوسف و کلینیکی د.شاخەوان محمد کە ڕۆڵیان هەبوو لە عیلاج کردنم
4- گشت خزم و کەس و کارو هاوڕێ و هاوپیشەکانم، ڕۆژنامەنووسان وبەرپرسان، کە درێغیان نەکرد لە سەردان و هەواڵپرسین و نزا کردن بۆم.
خاڵی دووەم / لە دوای ئەم کارەساتەی بەسەرم هات تێڕوانینم بۆ ژیان گۆڕاوە بە جۆرێک هەست دەکەم دوای ناخۆشیەکی پێناسە نەکراو جارێکی تر لە دایک بوومەوە، پێم وایە سێ شت لە ژیاندا تێڕوانینی مرۆڤ دەگۆڕن: نەخۆشی، تاراوگە، لەدەستدانی ئازیز، ئەم سێ شتە گەر مرۆڤ نەکوژن بەهێزتری ئەکەن. وە پێم وایە هێزی گەورەو یەکلاکەرەوە مرۆڤ خۆیەتی لە کەوتن و هەستانەوە، ئەوانەی چواردەورت ڕۆڵی گەورەیان هەیە بەڵام لە دوا جاردا خۆت دەبێ بڕیاری هەڵسانەوە بدەیت، بۆیە دەبێ بەهێز بین بۆ مواجەهەی کەوتنەکانی ژیانمان، وەلایەنی دەروونی و ئارامگرتن یەکەم هەنگاوی شیفایه.
خاڵی سێیەم / دەمەوێت لێرەوە بە ئازیزانم ڕابگەیەنم، کە لە ئێستادا دەتوانم بڵێم من ئەو کارەساتەم دوای قورسیەکی زۆر تێپەڕاندووە و ممارسەی ئاسایی ژیان دەکەم.
خاڵی چوارەم/ یەکێک لە دەرئەنجامە باشەکانی
ئەم ڕووداوەی بەسەرم هات ئەوەیە کە بڕیارم داوە ببمە باڵا پۆش.
لەگەڵ ڕێزو هیوای تەندروستی بۆ هەموان.