ئه‌بوبه‌كر كاروانی:هه‌رێم بڕوخێ تاڵاوی سوكایه‌تی گه‌وره‌ و مێژووی ده‌نۆشین

  • March 30, 2023
  • 212 Views
ئه‌بوبه‌كر كاروانی:هه‌رێم بڕوخێ تاڵاوی سوكایه‌تی گه‌وره‌ و مێژووی ده‌نۆشین

#وڵات_میدیا #بیرورا

بانگەشەیەك بۆ دووبارە بیرکردنەوە….

بەگوێرەی پلەو خشتەبەندییەکی وەزارەتی نەخشەدانانی عێراق، کەمترین ڕێژەی ھەژاری لەسەرئاستی عێراقدا لە پارێزگاکانی ھەرێمەو سلێمانیش بەڕێژەی٣٪ پلەی یەکەمینی گرتووە.

بەسەیرکردنی ئەم خشتە تێدەگەین، بەشەکەی تری عێراق و بەتایبەتیش پارێزگاکانی باشوور، کەڕێژەی ھەژاری لەھەندێکیاندا بۆ سەروو ٥٠٪ بەرزبۆتەوە، لەچ کارەساتێکدا دەژین.

لەکاتێکدا لەدوای گۆڕینی ڕژێمەوە دەسەڵات بەدەستی حیزبە مەزھەبیە گەندەڵەکانی ئەوانەوە بووە و سەدان ملیار دۆلاریان لەبەر دەستدا بووە.

زۆر جار ئێمەمانان باسمان لەوە کردووە کە ئێمە سەرەڕای ھەموو خراپی یەکانی دەسەڵات و نائومێدیەك لەناوماندا بڵاوەی پێکراوە، نابێت ڕووە گەشەکانی ژیانی ھەرێممان لەبەرچاو نەبێت، بەدیلەکانی ھەڵنەسەنگێنین و لەژێر کاریگەری سۆزو بێزاری کاتی و جەنگی دەروونی خۆمان دژ بەخۆمان و ھەندێ وڵاتی ناحەز بەکوردو ناسیۆنالیزمی کوردی و واقیعی ھەرێم بڕیار بدەین.

قەدری خۆمان لانەمێنێت و بگۆڕێین بۆ ووزەیەکی خۆ وێرانکەری کوێر، ھەموو شتێکی خۆمان بەرەش ببینین، بەرامبەر ئایندەی گەل و ووڵاتەکەمان بێباك بین و لێپرسراوێتی بەرامبەریان لەئەستۆ نەگرین.

چونکە ئەوکاتە لە ئۆپۆزیسیۆنی یەکییەتی و پارتیەوە، دەبینە خزمەتکاری ئەجێندا شەڕخوازەکان و دەچینە سەنگەری دژایەتی کردنی خۆمان و گەل و ووڵاتەکەمانەوە، بێ ئەوەی مەبەستمان ئەوە بێت.

ھەر بۆ سەرنجڕاکێشان و دووبارە بیرکردنەوە، بەگوێرەی داتا بڵاوکراوەکان، ئاسانترین ھەل و مەرجی ژیان لەئێستادا بەراورد بە: تورکیا، ئێران، سووریاو بەشەکەی تری عێراق، لەھەرێمی کوردستاندایە.

بەم قسەمان ئەستۆپاکی بۆ حیزبە حوکمڕانەکان دەرناھێنین، لە لێپرسراوێتی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و دەوڵەمەندبوونی ناڕەوای زۆرێ لە بەرپرسەکانیان و ناکۆکیە عەبەسییەکانیان کەم ناکەینەوە، بەڵکو دەست دەخەینە سەر ڕاستیەك و جەخت لەوە دەکەینەوە کە:

ھەرێم بۆ کوردستانیان تەنانەت بەمانا ئابووری و گوزەرانییەکەش، چ جای نیشتیمانی و نەتەوەیی و ئازادییەکەی، باشترین و ئەخلاقیترین و مسۆگەرترین و ئیسلامیترین چوار چێوەی ژیان کردنەو ھیچ بەدیلێکی لەم باشترمان نییە.

بۆ یە دەبێت بەتوندی دەستی پێوە بگرین و بەرگری لێ بکەین، لەو بانگەشە پووچە بدەین، قەوارەی ھەرێم یەکسان دەکات بە پارتە فەرمانرەواکان، یاخوود وێنای ھەرێم وەك زیندانێکی گەورە بۆ خەڵکەکەی دەکات، لەکاتێکدا ئەوە بەدیلەکانن کە بەچاوی خۆمان لەئێستادا بەشێکیان دەبینین، بەشە ھەرە قێزەون و دزێوەکەشی لەوکاتەدا خۆی ئاشکرادەکات، خوانەخواستە قەوارەکە بڕووخێت و ئێمەش تاڵاوی ئەو سووکایەتیە گەورەو مێژووییە بنۆشین کەلێ ی دەکەوێتەوە.

ھەربۆیە ھەرێم بەھەموو کێشەو کەم و کورتیەکانی ئێستایەوە، بۆ ئێمە باشترین بژاردەیە بەڵکو دەبێت تاکە بژاردە بێت.

لەم چوار چێوەشدا نابێت گوێ لەو دەنگە نالێپرسراوانە بگرین دەیانەوێت خودی کورد بوونمان بەرچاو بکەوێت و شەرم لەناسنامەی خۆمان بکەین و پێمان وابێت ڕووخانی ئەوەی ئێستا ھەمانە بەدەر لەوەی بەدیلەکەی چییە، بەدەستکەوتێکی گەورە لەقەڵەم دەدرێت!! چونکە ئەوانە ئێمە بەرەو ئاسۆیەکی گەشتر نابەن، بەڵکو بەرەو چاڵی نەفرەت لەخۆکردن وخۆکوشتنمان دەبەن.

لەدوای ئەمەی وەتیشمان، فەرموون ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن و خەڵکی ناڕازی جدی یە، با بەرەیەکی بەرفراوان دروستکەن و ھەوڵی گۆڕانکاری بدەن.

چونکە ئەگەر بەم دۆخەی ئێستاو گەندەڵییەکەوە، دۆخی ھەرێم بەرامبەر بەشەکەی تری عێراق بەو جۆرە بێت، ئەی دەبێت، ئەگەر نوخبەی حوکمڕان واز لە فۆرمی ئێستای حوکمڕانییەکەی بێنێت، ناکۆکییە عەبەسییەکان کۆتایییان پێبێت و بەرنامەیەکی نیشتیمانی بۆ دژایەتی کردنی گەندەڵی ھەبێت و ھەرێمێکی یەکگرتوو بەھێزمان ھەبێت، دە ئەوسا بگەینە کوێ؟

ئەوەی پێویستیشە ھەوڵی بۆ بدەین ھێنانەدی ئەودۆخ و ئامانجانەیە، واتە ھێنانە کایەی ھەرێمێکی یەکگرتوو، بەھێزو دادپەروەرو دیموکرات و بەڕوح ئیسلامی.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو