عـــەرەب لە هەرێم دەژین، ئەوە نیشانـەی باوەشگەرمی ئێمەیە
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگەیاند، کولتووری پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە کوردستان رەگ و ریشەیەکی قوڵی هەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا، لەڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسی، لەڕووی خەباتی شۆڕشگێڕی و ئێستاش لەڕووی پەرلەمانی و حوکمڕانی، توانیومانە کوردستان بگەینینە ئەمڕۆ.
پشتیوان سادق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، باسی لەوەکرد، هەموو پێکهاتەکان شەهیدیان داوە، خەباتیان کردووە و کوردستانیش موڵکی تەنیا ئایین و نەتەوەیەک نییە، بەڵکو موڵکی هەموومانە پێکەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی کوردستان لە دەرەوە، ئەو پێکەوە ژیانە کە لێرە لە ئارادایە، گوتیشی: ئەمڕۆ زیاتر لە ملیۆنێک خوشک و برای عەرەب لە هەرێمی کوردستان دەژین، ئەوە خۆی لە خۆیدا نیشانەی باوەشگەرمی و کولتووری جوانی خەڵکی کوردستانە.
پشتیوان سادق باسی لەوەشکرد، زۆرینەی مەسیحی و ئێزدییەکانی عێراق ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەژین، ئەمەش دەرخەری دڵفراوانی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکانە لە هەرێمی کوردستان.
وەزیری ئەوقاف ئەوەشی خستەڕوو، وتاری میانڕەوی مامۆستایانی ئایینی بە تایبەتی ئایینی ئیسلام، جێگەی رێز و پیزانینە، جەختی لەوەشکردەوە، وەزارەتی ئەوقاف لە خزمەت هەموو مامۆستایانی ئایینی و پێکهاتەکانی دیکە دەبن.