د.جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاند: هەموو ئەگەرەكان ئەوە دەردەخەن كە پەسندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عیراق دەكەوێتە كۆتایی ئەم مانگەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو كۆبوونەوەو گفتوگۆیانەی كە لەسەر وردەكاری پرۆژە یاسای بودجە بەڕێوەدەچن لەڕووی پشك و بەشی پارێزگاكان و وەزارەتەكان و هەروەها ناجیگری نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان، ئەمەوایكردووە كە گفتوگۆكانی تایبەت بە بودجەی گشتی درێژە بكێشێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، تا ئێستا دووجار خوێندنەوە بۆ پرۆژەیاسای بودجەی گشتی كراوە، بەڵام خوێندنەوەی سێیەم و دەنگدانی ماوە، بەڵام پێناچێت بتواندرێت بە ئاسانی خوێندنەوەی سێیەم و دەنگدانی لەسەر بكرێت لە كاتێكدا هەموو ئەندامانی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەوە هاوڕاین كە ئەو پڕۆژەیاسایە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانەوە هەیە و ناكرێت لەوەزیاتر پەسەندكردنی دوابخرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، زۆرینەی وەزارەت و پارێزگاكان بەو پشكە ڕازی نین كە بۆیان دانراوە و بەكەمی دەزانن بەتایبەت پشكی تەرخانكراو بۆ كەرتی كشتوكاڵ تەنها لە %2 دیاریكراوە ئەوەش بڕێكی كەمە و دەبێت پێداچوونەوەی پێدابكربێت، هەرچی پەیوەندی بە پشكی كوردیشەوە هەیە تا ئێستا پشكی %12.67 دیاركراوە ئەوەش بەومەرجەی هەردوولایەنی هەرێم و بەغدا پابەندی ئەو ڕێككەوتنە بن كە لەسەر ڕادەستكردنی نەوت كراوە، بەڵام تا ئێستا ئەو ڕێككەوتنە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە بەفەرمی ئەوەش بەهۆی ئەوەی توركیا ئامادە نییە دەستبكاتەوە بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم.