كۆمپانیای DNO ی نەرویجی دەڵێت، بەهۆی وەستانی هەناردەكردنی نەوت، قەبارەی خەرجكردنەكانیان لە هەرێمی كوردستان كەمكردووەتەوە.
كۆمپانیای DNO كە لە هەرێمی كوردستان لە چەندین كێڵگەی وەك تاوكێ و پێشابوور كاردەكات راپۆرتی دارایی چارەكی یەكەمی ئەمساڵی بڵاوكردەوە.
كۆمپانیا DNO دەڵێ، بەهۆی وەستانی هەناردەكردنی نەوت، قەبارەی خەرجكردنەكانیان لە هەرێمی كوردستان كەمكردووەتەوە لەوانە، خەرجییەكانی پەیوەست بە هەڵكۆڵینی بیری نەوت، كە لەسەرەتای ئەمساڵدا چوار سەكۆی هەڵكۆڵینی بیری نەوت لەكاردابوون، بەڵام كۆمپانیاكە ناچارە هەر چوار سەكۆكە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا لەكار لابدات.
كۆمپانیاكە جەخت لەوە دەكاتەوە؛ تاوەكو هەناردەكردنی نەوت دەستپێنەكاتەوە و كۆمپانیاكە شایستە داراییەكانی پێنەدرێت كە پەیوەستە بە هەناردەكردنی نەوت لە مانگەكانی رابردوو، ناتوانێت هیچ بەرچاوڕوونییەك لەسەر كارەكانی لە هەرێمی كوردستان بدات.
كۆمپانیاكە جەخت لەوە دەكاتەوە هەرچەندە قازانجەكانی لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵ بەراورد بە سێ مانگی كۆتایی ساڵی رابردوو دووهێندە بەرزبوونەتەوە، بەڵام بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتی لە هەرێمی كوردستان وەستاندووە.