رۆژنامەنووس، محمەد فاتیح. لەرۆژی باوکاندا دەڵێت:
ئەركی باوكان بەرامبەر بەكیژەكانیان
بێگومان ئەركی باوك زۆرە…. یەكێك لەهەرە ئەركە پیرۆزەكانی كە لەم وتارەدا باسیدەكەم پاڵپشتی و پشتگیری كچەكانیانە.
هەرچ باوكێك نەتوانێت ببێت بەقەڵایەكی پۆڵاین بۆ كچەكانی ئەوە باوكی پێناوترێت بەڵكو تەنها بەخێوكەرە!
كیژ كچ ئافرەت ژن خانم، پێویستیان بەپاڵپشتی و پشتگیری ئێمەی باوك و كوڕ و پیاوە، بەتایبەتی لەكۆمەڵگایەكی كوردی وەكو هەرێمی كوردستان كەبێگومان بەداخەوە تاوەكو ئێستاش لەرێزی كۆمەڵگا دواكەوتوەكاندایە!
تاوەكو ئێستاش هیچ لایانێكی حزبی و سیاسی و ئاینی و كۆمەڵایەتی و ناوخۆیی و دەرەكی و نێودەوڵەتی و جیهانی لەهەرێمی كوردستان، پاڵپشتێكی راستەقینە نەبونە بۆ خانمان، و بەچاوێكی كەم سەیر دەكرێت!
ئەوەی هەیە هەندێك لایان دەیانەوێت خانمان ببەستنەوە هەندێك لایانی تریش پێیان خۆشە بەناوی ئازادیەوە دیسانەوە خانمان وەكو كاڵایەك دەركەون و خۆیان نمایش بكەن بەناوی ئازادیەوە!
بێگومان خانمانیش فریشتە نین و روبەڕوی كەموكوڕی و هەڵە و تاوان دەبنەوە، هەر وەكو چۆن پیاوانیش بەدەر نین لەم هەڵە و تاوان و كەموكوڕیانە، بەڵام من وەكو باوكێك ئەركی پیرۆزی سەرشانمە پاڵپشتی و پشتگیری لەكچەكانم بكەم ئەگەر هەڵەبون ئامۆژگاریان بكەم، ئەگەر هەڵەیان بەرامبەر كرا وەكو قەڵایەكی پۆڵاین لەپشتیان بوەستم!، چونكە من لەكۆمەڵگایەكدا دەژیم سەگی بەڕڵای زۆرە!
ئافرەت نەكاڵایە و نەكەمیشە وەكو لەكۆمەڵگا دواكەوتوەكەی ئێمەدا وێنادەكرێت، ئەگەر داكۆكیكەرێكی راستەقینەشی هەبوایە لەكوردستان، هێندە روبەڕوی سوكایەتی و هەڕەشە نەدەبونەوە!
ئەركی سەرشانمە ئازادی لەكچەكانم قەدەغەنەكەم، بەڵام دەبێت ئەوەشی تێبگەیەنم كە ئازادیەكەی نابێت ببێتە مایەی ئازاردانی كەس یان بەزاندنی سنوری مرۆڤایەتی، هەرگیز ئامادەنیم ئازادی لەكچەكانم قەدەغە بكەم تاوەكو دڵی كۆمەڵگا لەخۆم رازی بكەم، بەڵكو ئەركی سەرشانمە تێبكۆشم وەكو رۆژنامەنوسێك لەپێناو ئەوەی كۆمەڵگا تێبگەیەنم، دەبێت ئەو پیاو و كوڕانە بەچاوێكی كەم و سوك سەیربكرێن، كە هەمو دەستكەوتێكیان هەڕەشە كردنە لەخانمان و دەستدرێژیكردنە بۆ سەریان!
چەند شەرم و شوریە بۆ كۆمەڵگایەك، خۆی بەپێشكەتو دەزانێت و خانمان بەكەم دەبینێت، لەكاتێكدا لەوڵاتە پێشكەوتوەكان گەنجانیان خەریكی داهێنانن، لای ئێمەش دەسكەوتی گەنجانمان پەلاماردانی خانمان و هەڕەشەلێكردنیانە، خۆیشیان بەپیاو دەزانن، لەكاتێكدا هیچ سیفەتێكی پیاوەتیان تیادا نەماوە و تەنها بەجەستە پیاون!.
ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێت رەنگە پێویستی بەچەندین كتێب بێت، بەداخەوە كەخودی خانمان خۆیان زۆر جار دەبنە هۆی شكاندنی یەكتری، كارەساتەكە ئەوەیە كە هیچ پێوەرێك و بەهایەك و سیستمیەكمان نیە، بێجگەلە هەندێك هەوڵی تاكە كەسی!
بڕیارێكی ئێران زۆر دڵخۆشی كردم، كاتێك كۆمەڵێك گەنج دەستدرێژی سێكسیان كردبوە سەر خانمێك، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ هەر هەمویان دەركرد، لەعێراقیش جاروبار بڕیاری لەسێدارەدان بۆ ئەو كەسانە دەردەكەن كە دەستدرێژی سێكسی دەكەنە سەر خانمان، بەڵام لەهەرێمی كوردستان هیچ هەولێكی جدی نابینم بۆ پاڵپشتیكردن و پیشتگیركردنی خانمان!.
كوردستان پێویستی بەشۆڕشێكی كۆمەڵایەتی و فیكری و رۆشنبیری و سیاسی و حزبی و رەوشتی هەیە!