‎میدیای فەرمی یەكێتی:لەوەتەی یەكێتی بڕیاریداوە كۆنگرە ببەستێت هەندێک لایەن تەنگەتاو بوون

‎میدیای فەرمی یەكێتی:لەوەتەی یەكێتی بڕیاریداوە كۆنگرە ببەستێت هەندێک لایەن تەنگەتاو بوون

وڵات_میدیا #کوردستان

كۆنگرەی پێزانین بۆ سەرۆك بافڵ تاڵەبانی و لە ئەستۆگرتنی ئەركە قورسەكان
‎كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەركردایەتی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی وا لە رێیە، كۆششی هەڤاڵان و تێكۆشەران، پەسەندنامەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ سازدانی كۆنگرەكە لە بەرچاوە، بەڵام هیممەت و ئازایی سەرۆك و بڕیاری مەدروسی كۆنگرە، هەر خۆی دەستكەوتێكی گەورەیە بۆئەوەی وەك چۆن لە ماوەی ساڵی رابردوودا سەرۆكایەتی كاروانە سیاسی و دیپلۆماسییەكەی كورد و یەكێتی لە ناوخۆ و عیراق و دەرەوە كرد، بۆ داهاتووی دوای كۆنگرەش هەر رابەرایەتیی یەكێتی و قۆناغە مێژووییەكە بكات، بەتایبەتی كە دوو هەڵبژاردنی چارەنووسساز و زۆر دەستكەوتی كوردستانی لە پێشە.
‎لەوەتەی یەكێتی بڕیاریداوە كۆنگرەی پێنجەم ببەستێت، هەندێك میدیا و سۆشیال میدیای سەرچیخ، تەنگەتاوی سەركەوتنەكانی یەكێتی بوون و هەر رۆژەی قەوانێكی بەتاڵ لێدەدەنەوە. ئەمجۆرە میدیایانە و خاوەنەكانیان كە ناتوانن تا سەر لەگەڵ كاروانێكی سەركەوتوودا رێبكەن، هەر ئەوەیان لێ چاوەڕوان دەكرێت بە قسە و قسەڵۆك ئاستەنگ لەبەردەم گەشەی یەكێتیدا دروست بكەن، بێئاگا لەوەی كۆنگرەی پێنجەم، درێژەی كاروانێكە بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی حزبایەتی و گێڕانەوەی سەقامگیریی و هاوكات قۆناغی تەواوكاریی حزبایەتییەكی بێگەرد و یەكێتیانەیە.
‎ئەوانەی بە ماشێنی میدیای چەواشە مەبەستیانە وا نیشان بدەن کە كۆنگرەی پێنج، كۆنگرەی گۆڕینی پەیڕەو و جێگیركردنی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی و هەڵوەشاندنەوەی سیستمی پێشووە، نە لە سیاسەت حاڵی دەبن و نە واقیعی بەرجەستەش تێدەگەن، چونكە سەرۆك دەمێكە لەناو دڵ و دەروونی كادران و پەیڕەوی كاری عەمەلیدا خۆی چەسپاندووە، بە كردەوە و كار سەرۆكە و سەركردایەتی كاروانی یەكێتی دەكات و دیداری یەكێتیش لەناو چەپڵەڕێزانی هەڤاڵاندا، ئەرك و بەرپرسیارێتی سەرۆكی دووپاتكردەوە.
‎ ساڵێك بەر لە ئەمڕۆش لە 28/8/2022 لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا هەم هەمواری پەیڕەو پەسەندكرا و هەمیش سیستمی پێشوو هەڵوەشایەوە، ئیدی لەوكاتەوە مەشخەڵی كاروانی یەكێتی و ئەمانەتی كوردایەتییەكی راست و دروست رادەست بە سەرۆك بافڵ تاڵەبانی كرا، بۆئەوەی رێڕەوە راستەكەی حزبایەتی بۆ یەكێتی بگەڕێنێتەوە.
‎ئەنجومەنی سەركردایەتی و یەكێتییەكان لە وێستگەی جیاوازدا هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانیان بە سەرۆكایەتیكردن ئەركدار كردووە و ئەم پرسە بڕاوەتەوە، بەڵكو ئەوەی كۆنگرەی پێنجەم دەیكات، نیشاندانی پێزانین و بەخشینی رێزە بە سەرۆك لەپای لێوەشاوەیی لە سەركردایەتیكردنی ئەم قۆناغە مێژووییە و تەسبیتكردنی ئەركە تا وەك چۆن لە رابردوودا بە دەستكەوت سەربەرزی كردین، ئاواش لە داهاتوودا بە دەستكەوتی زیاتر بە سەربەرزیی بمانهێڵێتەوە.

  • تەلەگرامی وڵات بکە بەسەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لەخێراترین  و گەرمترین ڕووداوەکانى کوردستان وعێراق
    https://t.me/WLLATMED

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو