ديدار: کاشما قەرەداغى
بابەكر دڕەیی چاودێرى سیاسى و یەکێک لە شرۆڤە کارە دیارەکانى هەرێمى کوردستان لە گفتوگۆیەکى تایبەتى وڵات بەخێرایى تیشک دەخاتە سەر چەند پرسێکى گرنگى پەیوەست بەهەرێمى کوردستان و عێراق و مەترسى ئەوە پیشان دەدات: رەنگە هەمان دۆخی سەردەمی ریفراندۆ دروست ببێتەوە.
بابەكر دڕەی سەبارەت بە ناوخۆیى هەرێمى کوردستان ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، لەماوەی ڕابردوو جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و لێپرسراوانی هەرێم باسیان لەوە كرد كە ئەمریكیەكان و ئەوروپیەكان لە مامەڵەی دەسەڵاتدارانی هەرێم ناڕازین، وە گۆڤارە ناودارەكانی وە ”فۆرم پۆلیسی” و رۆژنامە جێهانیەكان باسیان لەوە دەكرد كە وڵاتە گەورەكانی دونیا و بەتایبەت ئەمریكا كە لەماوەی ڕابردوو پشتیوانی هەرێم بووە، ئێستا نیگەرانن لە رفتارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان چونكە نەیتوانیوە ببێتە حكومەتێكی یەك دەست و نەیتوانیوە خۆی ڕێكبخات لەئاست حكومەتێكی مۆدێرنا، وە ئەمە نوێ نییە و ماوەیەكی زۆرە بەم جۆرەیە.
“ئەگەر گۆرانكاری بكرێت و حكومەتی هەرێمی كوردستان جدی بێت لە خۆ ڕێكخستنەوەی، ئەوا ئەمریكا و ئەوروپیەكان هەڵوێستیان بەرامبەری دەبێت، بەڵام نەبوونی هەڵوێست و جدی نەبوونی هەرێم مەترسی بۆ قەوارەی هەرێم دروست دەكات وەك ئەو مەترسیانەی مەسرور بارزانی ئاشكرای كردبوو و وە گەورەتر دەبن و گرفت دروست دەكات”. بابەکر دەڕەیى واى ووت.
لەبارەی دۆخی ئێستای قەوارە هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، ئەگەر دۆخەكە ئاوا بروات، ئەمریكا بەهەمان نەفەسی سەردەمی ریفراندۆم مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكات و تێپەراندنی بارودۆخەكەش بەهەر شێوەیەك لەنێوان دوو ئەگەردایە پەیوەستە بە جدی بوونی هەرێم.
ئەمە هەنگاوێكی باشە هەرچەندە جۆرێك لە ”ئیحراجی” پێوە دیارە
ووتیشى:” لەبارەت ناوەرۆكی نامەكەی مەسرور بارزانی كە لە پێگەی فەرمی ”المۆنیتەر” بڵاوكراوەتەوە، و تێیدا داوای هاوكاری لە سەرۆكی ئەمریکا دەكات، ئەمە هەنگاوێكی باشە هەرچەندە جۆرێك لە ”ئیحراجی” پێوە دیارە چونكە لەماوەی رابردوو ئەمریكا چەندین جار ئەم بنەماڵەیەی ئاگاداركردبووە بەڵام ئەوان بەگوێیان نەگرت و نموونەش ئەنجام دانی ریفراندۆم بوو كە ئەمریكا بەئاشكرا وتی ئەنجامی مەدەن و هاوكارتان دەبین بەڵام ئەنجامیاندا و تووشی زەرەر بوون”.
بابەکر دڕەی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ”ئەمریكا بەجدی هاوكاری هەرێم دەكات چونكە كوردستان گرنگی خۆی هەیە ، كوردستان ئێستاش لەنێوان پاشماوەی سێ ئیمپڕاتۆریەتدا دەژیت، ئیمپڕاتۆری عوسمانی، ساسانی، ئیسلامی عێراق، كە ئەمانە هەمان خۆ بەزلزانی و تەكەبووری پێشویان ماوە، هەم ئێران هەم عێراق، عەرەبی عێراق خۆیان بە پاشماوەی نەریتی قورئان دەزانن و پێیان واییە ئیسلام لەوانەوە دەستی پێكردووە، ئێرانیەكانیش پێیان واییە ئەوان سەرچاوەی كلتوورن و عوسمانیەكانیش پێیان واییە ئەوان كوێخای دونیان، بۆیە ئێمەش لەو دۆخە دەژین و ئەمریكاش وڵاتێكی نوێگەریە، بۆیە هەرێم كارەكانی خۆی بەباشی تێپەرێنێت و بەبێ خوروریەت مامەڵە بكات قازانجەكات، بە پێچەوانەشەوە زەرەرمەند دەبێت”.
لەقسەكانیشدا بابەكر دڕەی ئاماژە بەوە دەدات، هەرێم لەنەك لەئاست وڵاتان ئەوەتا لەئاست بەغداش لاوازە.
دەڵێت: ڕۆژانە دەبینن دەسەڵاتدارانی هەرێم لەبارەی لێدوانەكانی لایەنە عێراقیەكان گلەی دەكەن و ناڕازین، بەڵام ئەمە بەجی دەگات ئەوان بەشێكیان رەگەز پەرستن و بەئاشكرا دێت دژایەتیت دەكات بەڵام ئەوانەی ئێمە تەنها گلەییان هەیە و دەستەوەستان لەئاستیان وەستاون و هیچی تر كەچی تاوەكو ئێستاش بەجدی هیچ بەرەوپێش چوونێك نابینین!.
وتیشی: ”هیوادارم چوونی شاندەكەی هەرێم بەرەو بەغداد ئەنجامێكی ئەرێنی بدات بەدەستەوە، چوونكە دۆخەكە بەرەو خراپتر دەروات و ئەوان تەنها قازانج لەوە دەبینن كە ڕێككەون، هەم بۆ خۆیان هەم بۆ هاوڵاتیان و مووچە خۆرانی هەرێمی كوردستان باشە.
دەقى دیدارى باباکر دڕەیى بە دەنگ: