دانا مەنمی:پارتی نیگەرانە لە دابەشی کردنی ۱۱ کورسی پێکهاتەکان سەر پارێزگاکاندا

دانا مەنمی:پارتی نیگەرانە لە دابەشی کردنی ۱۱ کورسی پێکهاتەکان سەر پارێزگاکاندا

وڵات_میدیا #کوردستان

پێکهاتەکان لە نێوان پارتی و یەکێتی دا
کات دەڕوات و تائێستا لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن رێکنەکەوتوون ، کورسی کۆتاکانیش گرێکوێرەیەکی ترە لە نیوان پارتی و لایەنە سیاسییەکاندا ، یەکێتی لە دادگای فیدراڵی سکاڵای لە دژی کورسی پێکهاتەکان تۆمارکردووە ، تیمی نەتەوەیەکگرتوەکانیش لەهەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گریکویرەی پێکهاتەکان دوو پێشنیاری داوەتە یەکێتی و پارتی ، پێشنیاری یەکەم نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردووە هەرێمی کوردستان یەک بازنەی هەڵبژاردن بێت بۆ ۱۱ کورسی پێکهاتەکان بەڵام ڕێگە نەدرێت دەنگدانی تایبەت و هێزی چەکدار کورسی پێکهاتەکان یەکلای بکەنەوە.
پێشنیاری دووەم دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان بۆ سەر پارێزگاکان واتە لە کۆی ۱۱کورسی کۆتا دوو کورسی بۆ پارێزگای سلێمانی بێت ،کورسیەکی مەسیحیەکان و کورسیەکی تورکمان بەلام یەکێتی داوای چوار کورسی کردووە (دوو کورسی تورکمان و دوو کورسی مەسیحیەکان) پارتیش بەم پرۆژەی یەکێتی و لایەنەکانی تر رازی نیە و نایەوێت کورسی پێکهاتەکان هاوشێوەی کورسییە گشتیەکان دابەشی سەر بازنەکان بکرێت .
یەکێتی لە سکاڵەکەیدا لە دادگای فیدراڵی عێراق داوایان کردووە پێکهاتەکان نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خۆیان بکەن، مەعقول نییە لە پارتی پارتی تر بن ، پارتیش بەم سکاڵایەی یەکێتی تەنگەتاو بووە ، لەواقیعدا پارتی ئیرادەی پێکهاتەکانی دەستەمۆ کردووەو لەململانێ سیاسییەکاندا بە ویستی خۆی هەڵیاندەسوڕێنێ، پێکهاتەکانیش تەسلیمی‌ هەموو ویستەکانی‌ پارتی لە پەڕلەمان بوون ! پێکهاتەکان بەدریژایی تەمەنی پەرلەمان نەیانتوانی بێلایه‌نی و سه‌ربه‌خۆبوونی خۆیان بپارێزن و ڕۆڵی ئێستای پێکهاتەکان نەک به‌شداری سیاسی نییه‌، به‌ڵكو كۆیلایه‌تی سیاسییه‌ بۆ لایه‌نێكی سیاسی كه‌ رێز له‌ خواسته‌كانیان ناگرێت .
هەرچەندە لە کوردستان پارتی لەپێش هەمووانەوەیە بۆ بانگەشەی ڕێزگرتن لە ویستی پێکهاتەکان و پاراستنی مافەکانیان ، بەڵام زۆربەی بانگەشەکانی پارتی لەڕووی تیۆرییەوە لە چوارچێوەی بەڵێندایە و هەوڵی ڕاستەقینە بۆ تیۆریزەکردنی لەئارادانییە ،لەدیدی منەوە پێویستە پرۆژە یاسایەکی تر بۆ ڕێکخستنەوەی فۆڕمی پێکهاتەکان لەسەر بنەمای سەرژمێری رێکبخرێتەوەو کورسیەکانیان بۆ خزمەتی خودی پێکهاتەکان بەکاربهێنرێت، بەیاسایەک ڕێگە نەدات کە پێکهاتەکان ببنە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکان و پاشکۆیەتی بۆ لایەنێکی سیاسی !

  • تەلەگرامی وڵات بکە بەسەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لەخێراترین و گەرمترین ڕووداوەکانى کوردستان وعێراق
    https://t.me/WLLATMED

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو