هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێڕاق کۆتایی هات، هەر حزب و قەوارەیەک سەنگ و قورسایی پێگە جەماوەریەکەی خۆی بۆ دەرکەوت، باقیات ئەوەی دەگوتاری لەبری سود وەرگرتن لەو ئەزموونە، پاساودانی شکست کوتانەوەی ئاسنی ساردو خۆ خاڵیکردنەوەیە لەهەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی.
خەمە قوڵەکەی ئێستا ئەوەیە؛ بەداخەوە بەهۆی بەرتەوازەیی و خراپ لێکدانەوەی بابەتەکە، کورد بەگشتی نەیتوانی بگاتە ئاستی خوازیاری خۆی، بەڵام دڵخۆشم کەلەم یەک دوو ڕۆژەی ڕابردودا گوێ بیستی چەند کادیرێکی پێشکەوتوی پارتی دەبم کەقسەیان بۆ ڕاگەیاندنەکان کردووەو ددان بەهەڵەی حزبەکەیان دادەنێن کە حزبەکەیان و بەتایبەت بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کرکوک گەرمیانی پارتی ئەم هەڵەیەی پێکردوون.
خۆیان ئەڵێن بەڕێز کەمال کرکوکی پێیوابوە یەکێتی دەنگ ناهێنێت چونکە بەقسەی ناوبراو یەکێتی بەرپرسە لە 16ی ئۆکتۆبەر، بەڵام پێویست بوو سەرکردایەتی پارتی نەکەونە ژێر کاریگەری ئەم بووچونەی کەمال کرکوکی و یەکڕیزی کوردیان لاگرنگتربا.
،چونکە پێش هەموو کەسێک سەرکردایەتی پارتی دەیزانی کە پیلانگێڕی 16ی ئۆکتۆبەر پیلانگێڕیەکی هەرێمایەتی و ناوچەیی و جیهانی بوو، تەنانەت هەرێم خۆی بەئاگاداری ئەمریکیەکان ڕێککەوتنی لەگەڵ بەغداد کردبوو کە لەدوای کۆتایی هاتنی داعش ئەم ناوچانە تەسلیم بەحکومەتی فیدڕاڵی بکرێنەوە.
،خەڵکی کەرکوکیش باش دەزانن کێ بەرگری لێیان کردوەو قوربانی داوە لەپێناو خۆیان و شارەکەیاندا، بەگشتی خەڵک بێزارە بەهۆی بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاری شایستە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە خەڵک کەمتر ئامادەیی هەیە بچێتە سەرسندوقەکانی دەنگدان.
دەبوو کەمال کرکوکی سەرکردایەتی حزبەکەی هەڵنەخەڵەتاندبا چونکە لەهەموو کەسێک زیاتر ئەو جەماوەری یەکێتی دەناسێت کەجەماوەرێکی جێگیرو نەگۆڕەو هەرکاتێک کوردو حزبەکەیان بکەونە ژێر مەترسیەوە ئەوان پێشمەرگەئاسا دێنەمەیدان و بەرگری لەسەنگ وپێگەی کورددەکەن.
من پێم وایە کەمال کەرکوکی بەم هەموو هاتنە سەر شاشەی تلفزیۆنەکان و تاکە ڕستەیەکیش کەبەردەوم دووبارەی دەکردەوە (16ی ئۆکتۆبەربوو)،بۆیە جەماوەری یەکێتی هاندا بەدەنگەکانیان و بەشداری کردنیان لەهەڵبژاردن وەڵامی بوختان و تێڕوانینە هەڵەکانی کمال کرکوکی بدەنەوە، خۆئەگەر هەڵە بیرکردنەوەکەی ئەو بەڕێزە نەبوایە لانی کەم کورد دەیتوانی بگاتە ئاستی50+1،
ئەگەر پارتی دەیەوێت پێگەی کورد پارێزراوبێت لەناوچەکانی مادەی 140 قەرەبووی ئەم هەڵە مێژووییەی بکاتەوە، دەتوانێت ڕێگر نەبێ لەبەردەم درووستکردنی لیستی هاوبەشی کوردی بۆ هەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمانی عێڕاق.