وڵات_میدیا #کوردستان
لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی مام جەلال سوپاسی هاووڵاتییانی ناوچە جێناکۆکەکان دەکات و رایدەگەیەنێت، “بەشداری و خەمخۆری و دڵسۆزیتان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراقدا سەلماندی کە ئەو ناوچانە کوردستانین، هەروەها دڵنیاتان دەکەینەوە کە چۆن لە رابردوو لەگەڵتان بووین، لە داهاتووشدا باشتر و دڵسۆزانەتر لەگەڵتان دەبین”.
قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال، لە پەیامێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردۆتەوە، رایدەگەیەنێت: “دەمەوێت سوپاسی هەمووتان بکەم، کە لە مەندەلییەوە تا خانەقین و بۆ دووز و کەرکوک و نەینەوا و موسڵ و شەنگال کە بەشداربوون لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق، ئەو بەشداری و خەمخۆری و دڵسۆزییەتان سەلماندی کە ئەو ناوچانە کوردستانین”.
“بە بەشداریکردنتان سەلماندتان کە پێکەوە دەتوانین ئەو غەدرانەی کە لە خەڵکی کورد و نەتەوەکەمان کراوە راستبکەینەوە، هەروەها سوپاسی یەک بە یەکی هەموو ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەم، کادرە دڵسۆزەکانی، کە هەموومان پێکەوە بووینە خزمەتکاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بەشداربووین بۆئەوەی زۆرترین دەنگ بۆ گەلی کورد بەدەستبهێنین لەم هەڵبژاردنە”. قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشداوە: “دڵنیاتان دەکەمەوە کە بەردەوام دەبین بەو رۆحیەتە، بەردەوامدەبین لەگەڵتان لە هەموو ناوچە جێناکۆکەکان تاکو ئەو هەڵە و غەدرانەی کە لە رابردوو کراون راستییان بکەینەوە، دڵنیاتان دەکەینەوە کە چۆن لە رابردوو لەگەڵتان بووین، باشتر و قوڵتر و دڵسۆزانەتر لەگەڵتان دەبین لە داهاتووشدا”.
- تەلەگرامی وڵات بکە بەسەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لەخێراترین و گەرمترین ڕووداوەکانى کوردستان وعێراق
https://t.me/WLLATMED