ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەكی تەلەفونی لەگەڵ هاوتا پاكستانییەكەی ئەنجامدا و تاوتوێی كێشەكانی نێوانیان كرد، هەردوولا گەیشتنە ئەو ڕێككەوتنەی لە ٢٦ی ئەم مانگەدا باڵیۆزەكانی ئێران و پاكستان بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانییان لە ئیسلام ئاباد و تاران.
ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێران لە بارەی ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفونییەكەی حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران و جەلیل عەباس جیلانی هاوتا پاكستانییەكەی هەواڵێكی بڵاوكردەوە.
ئاژنسەكە بڵاوی كردووەتەوە، دوای پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان وەزیرانی دەرەوەی پاكستان و ئێران، هەردوولا ڕێككەوتن لەسەر گەڕانەوەی باڵیۆزەكانیان لە ٢٦ی ئەم مانگە بۆ سەر كارەكانیان لە ئیسلام ئاباد و تاران.
ئاماژە بەوەش كراوە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەر بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی پاكستان ڕۆژی ٢٩ی ئەم مانگە سەردانی ئیسلام ئاباد دەكات.