جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە میانی سەردانێکی بۆ نیویۆرک ڕایگەیاند، ڕاوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەییمان پێم دەڵێن نزیکین لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە، بەڵام هێشتا کارەکانمان کۆتاییان نەهاتووە.
بایدن وتیشی: “ئومێدەوارم تا دووشەممەی داهاتوو ئاگربەست ڕابگەیەندرێت”.
هەریەک لە قەتەر و میسر و ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی تا مانگی ڕەمەزان ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕابگەیەندرێت.
سەرچاوەیەکیش لە بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، دانوستانەکان لەسەر سێ خاڵ دەکرێن، یەکەمیان ڕاگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی شەش هەفتە، دووەمیش پەیوەستە بە ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکانی لای حەماس و فەڵەستینییە زیندانیکراوەکانی لای ئیسرائیل، خاڵی سێیەمیش ئەوەیە کە بڕێکی زۆر هاوکاری مرۆیی داخڵی غەززە بکرێت.
لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل جەخت لە ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان دەکاتەوە و ڕاشیگەیاند، ئاگربەست بە مانای کۆتاییهاتنی جەنگەکە نایەت.