جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیاند، ئەنجومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا بە پێکھێنانی لیژنەیەکی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دادوەر عەباس فەرحان حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ھەڵبژاردنی کۆمیسیۆن سەرۆکایەتی لیژنەکە دەکات، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی کاروباری یاسایی و ھونەری و دارایی کۆمیسیۆنیش لە لیژنەکەدا ئەندامن.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەرکی لیژنەکە جێبەجێکردنی ھەموو ئەو رێکار و بڕیار و راسپاردانە دەبێت کە ئەنجومەنی کۆمیسیاران تایبەت بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەری دەکات.